گردبوونەوەی جەماوەری بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا ڕێک دەخرێت

لە تورکیا و باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا ڕێک دەخرێت.

ئەمڕۆ شەممە ١ی شوبات لە ٥١ پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری و چالاکی هەمەجۆر بەمەبەستی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا ڕێک دەخرێت. 

گردبوونەوەکە لەلایەن ڕێکخستنەکانی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی)ـەوە لە ژێر دروشمی "ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دیداری ئازادی" ڕێک دەخرێت. 

بڕیاری ڕێکخستنی گردبوونەوەکە، لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتییەوە دراوە و دوای دیداری شاندی پارتەکە و عەبد-وڵلا ئۆ-جە-لان ، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە-کە-کە) ئەمە بە یەکەم چالاکی گشتگیریی پارتەکە دادەنرێت.

تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی و عەبد-وڵلا ئۆ-جە-لان دوو جار لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت.




PM:03:15:01/02/2025