سەرما و باران و بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دوای ئەوەی ماوەیەکە کەشێکی وشک هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی باران و سەرما و بەفربارین ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە.

 ئاراس جەبار شارەزای کەشناسییە و پێشبینی دەکات کۆتایی ئەم هەفتەیە و لەرۆژی پێنجشەممە ٦ی شوبات کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری لە دەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان درێژ ببێتەوە و شەپۆلێکی مامناوەندی بەفر و بارانبارین ناوچە شاخاویەکان و بە لاوازی و پچر پچری بارانبارین شار و ناوچە نزمەکانیش بگرێتەوە.

 ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە کە شەپۆلەکە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵ دەبێت بەھۆیەوە پلەکانی گەرما بەنزیکەی٧ تا ١٠ پلەی سەدی نزم دەبنەوە و  بەفر لەسەر ناوچە شاخاویەکان لە بەرزی ١١٠٠ مەتر لە ئاستی روی دەریاوە دەبارێت.
 
ئاراس جەبار پێشبینی دەکات ئەم شەپۆلە کاریگەرییەکەی تا ئێوارەی رۆژی هەینی واتا ٧ی شوبات بمێنێتەوە و رۆژانی دوای شەپۆلەکەش پلەکانی گەرما بە نزمیی دەمێننەوە و کەشوهەوا هەر سارد دەبێت.
 
کەشناسی سلێمانی پێشبینی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوی بڵاوکردوەتەوە و بەوپێیە؛ ئەمڕۆ و سبەینێش ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەرزترین پلەکانی گەرماش بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:

هەولێر : ١٨
سلێمانی : ١٧
دهۆک : ١٨
زاخۆ  : ١٨
هەڵەبجە : ١٩
کەرکوک : ٢٠
گەرمیان : ٢٢




PM:03:58:01/02/2025