لە ماوەی مانگێکدا ١٧ بەندکراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون

لە ماوەی مانگێکدا لە ئێران زیاتر لە ٨٠ بەندکراو لە بەندیخانەکان له‌سێداره‌ دراون، هەر لەو ماوەیەدا ١٧بەندکراوی کورد لەسێدارەدراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی مانگی ڕابردو لانیکەم سزای له‌سێدارەدانی ٨٧  بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

هەنگاو ئاشکراشی دەکات لە ماوەی مانگی ڕابردودا لانیکەم سزای له‌سێدارەدانی ١٧ بەندکراوی کورد، ١٠ بەندکراوی لوڕ و چوار بەندکراوی بەلوچ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، هەروەها لانیکەم  هەشت بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردودا لەسێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ده‌شڵێت، لە سەرجەم ئەو ٨٧ بەندکراوەی کە لە مانگی ڕابردودا لەسێدارە دراون، تەنها سێ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاوکراوەتەوە، هەروەها سزای له‌ سێدارەدانیی شه‌ش بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.



PM:05:00:01/02/2025