وەزیری دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی یەک بڕیاریدا

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری دا سبەینێ یەکشەممە مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئەو بڕە پارەی واژووی لەسەر دەکات بڕەکەی (٩٥٠) ملیار دینارە کە بۆ مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخاندەکرێت. 

خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لە کاتێکدایە، تائێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو ڕانەگەیەنراوە.

ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە بەغدادن کە بە سەرپەرشتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێم و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوەچوو.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا کارەکانیان تەواو بکەن. 



PM:07:35:01/02/2025