دارایی عێراق: تەیف سامی بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کردووە

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی هەرێم لە بەیانییەوە تا درەنگانی ئەمشەو بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم"، دەشڵێت" تەیف سامی بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کردووە". 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمشەو شەممە بڵاویکردەوە" تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەشداری سەرجەم ئەو کۆبوونەوانە کردووە کە ئەنجامدراون و شایەتحاڵی گفتوگۆی بەرفراوان بوون بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە کە مافەکانی سەرجەم هاوڵاتییان زامن بکات، بەپێی یاسا". 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا لە زاری وەزیرەوەی دارایی عێراقەوە جەخت لەوەکراوەتەوە، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، پێویستە کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ وردبینی و پشتڕاستکردنەوەی ڕاستەوخۆی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانە و ئەنجامدانی هەمواری پێویست بە زووترین کات ئەنجام بدرێت. 

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، کارکردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی عێراق و لیژنە تەکنیکیەکانی هەردوولا لە بەیانییەوە تا درەنگانی ئەمشەو بەمەبەستی وردبینی و هاوتاکردنی داتاکانی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و گرێبەستەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی کارەکان بەردەوامە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی دروست تەمویل بکرێن. 

هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم پێشتریش ڕایگەیاندبوو، تیمە تەکنیکییەکانیان و ئەوانەی سەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵین نزیکن لە تەواوکردنی کارەکانیان.

هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک لە بەغدای پایتەخت بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان.

هەر لەوبارەیەوە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند" کۆبوونەوەکانی تیمە تەکنیکیەکانی نێوان هەردوو وەزارەت بەردەوامن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان، و پێشبینیشدەکرێت لە زووترینکاتدا کارەکان تەواو بکرێن". 



PM:09:14:01/02/2025