ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر مادەیەکی یاسایی پەیوەست بە هەرێم دەدات

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ یەکشەممە پەرلەمان دەنگ لەسەر پێشنیازی حکومەت بۆ هەموارکردنەوەی مادەی ١٢ی یاسای بودجەی گشتی دەدات". 

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوزی) ڕاگەیاندووە" ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی ماددەی ١٢ی یاسای بودجە دوو بڕگە لە خۆدەگرێت، یەکەمیان پەیوەندی بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە دوای دیاریکردنی تێچووی مەزەندەکراوی ڕاستەقینە لە ڕێگەی دەزگایەکی ڕاوێژکارییەوە". 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بڕگەی دووەمدا هاتووە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە ڕێکنەکەون، وەزارەتی نەوت لایەنێک هەڵدەبژێرێت بۆ دیاریکردنی ئەو تێچوونانە، لە ئەنجامدا تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم حیساب دەکرێن. 

جەمال کۆچەر جەختیشیکردەوە کە" دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە یارمەتی حکومەت دەدات بۆ ناردنی خشتە داراییەكانی بودجەی ئەمساڵ بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسندكردنی". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەکە دەستپێدەکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی بڕگەی تایبەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی ١٢ی یاسای بودجەی گشتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.



PM:09:50:01/02/2025