نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر دەستگیركرا

نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر دەستگیركرا، لە کاتێکدا بڕیاربوو ئەمڕۆ مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر و دهۆك خۆپشاندان ئەنجام بدەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٥ مامۆستا عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا.

دەستگیركردنەكە بەر لەو خۆپیشاندانە دێت كە بڕیاربوو ئەمڕۆ مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر و دهۆك ئەنجامیبدەن و، لە هەفتەی رابردووەوە لەلایەن نوێنەری مامۆستایانەوە بانگەشە و ئامادەكاری بۆ كرابوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی دواکەوتنی مووچە ماوەی چەند رۆژێکە قوتابخانەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بایکۆتن و مامۆستایانی سلێمانیش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان خێمەیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و رەوشی تەندروستی ژمارەیەکیشیان تێکچووە.





AM:10:28:02/02/2025