ئیدارەی خۆسەر: دیاریکردنى ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکى ڕاگوزرەى سوریا پێچەوانەى خواستى گەلى سوریایە

خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان دیاریکردنی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی سوریا بە نایاسایی ناودەبات و ڕاشیدەگەیەنێت: کەسانێک لە کۆبونەوەکەی دیمەشقدا بەشداربون کە دەستیان بە خوێنی گەلی سوریا سورە.

خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە کاتێکدا گەلی سوریا چاوەڕوانی ئەنجامدانی کۆنگرەی نیشتیمانیی بو لەبارەی دەستور و هەلبژاردن، دەسەڵاتی ڕاگوزەری وڵاتەکە، لە کۆبونەوەیەکدا ئەحمەد شەرعی وەک سەرۆکی قۆناغی راگوزەری دیاری کرد، کە ئەوەش پێچەوانەی خواست وقوربانیدانی گەلی سوریایە و لە هەمانکاتدا نایاساییە.

خۆبەڕێوەبەریی ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبونەوەکەی دیمەشقدا کەسانێک بەشداربون کە دەستیان بە خوینی گەلانی سوریا سورە، لەوانە ئەبو حاتەم شەقرا کە بەرپرسی تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف و ئەبو عەمشە کە چەندین تاوانی لە عەفرین دژی کوردان ئەنجامداوە.

خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبونەوەکەی 29ی مانگی دیمەشق بە نایاسایی دادەنێت و داوای بەشداری تەواوی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی وڵاتەکە دەکات بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە دەکرێت..



PM:05:45:02/02/2025