سودانی له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌رێم ده‌كات

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمشەو یەکشەممە لە پەیامێکدا پێشوازی لە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی دارایی کرد و دەنگدان لەسەر یاساکە بە هەنگاوێکی بەرپرسیارانە وەسف دەکات، هەروەها دەشڵێت" پێویستە حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌م هه‌مواركردنه‌ بكه‌ن تا نه‌وتی‌ هه‌رێم هه‌نارده‌ بكرێته‌وه‌". 

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمشەو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" سودانی پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە بەرپرسیارانە و بنیاتنەرەی ئەنجومەنی نوێنەران دەردەبڕێت، بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥، یاسای (١٣ بۆ ساڵی ٢٠٢٣)، بەپێی دەقی ئەو هەموارکردنەوەیە کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە گەیشتووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" سودانی سوپاسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری یەکەمی سەرۆکی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ و جێگری دووەمی سەرۆک و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کرد، بۆ تێگەیشتن و پاڵپشتیکردنیان لە دیدگای حکومەت کە توانیویانە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی بەپێی ئەولەویەتانەی پێشتر لەلایەن نوێنەرانی گەلەوە پەسەندکرابوون کە لەگەڵ خواستەکانی گەلی عێراقدا دەگونجێت". 

دەشڵێت" دەنگدان لەسەر هەموارکردنەکە بەپێی ئەو دەقەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی کردووە، سەقامگیری سیاسی و ئەو دۆخە لێکتێگەیشتنە دووپاتدەکاتەوە کە تایبەتمەندی ئەم قۆناغەیە، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی هاوکاری نێوان حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ بەردەوامبوون، پێکەوە کارکردن، بەمەبەستی درێژەدان بە زەبری چەرخی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی کە دەستیپێکردووە و ناوەستێت حکومەت بەردەوامە لە کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و تەحەددیاتەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق". 

هەروەها سودانی داوایکردووە لە هەردوو" حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دامەزراوە تایبەتمەندەکانی، و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، دەستبەجێ دەستبکەن و کار لەسەر ئەم هەموارکردنە بکەن، بەمەبەستی وەبەرهێنانێکی گونجاو لە سامانە سروشتییەکان، بە تایبەتی سامانی نەوت، و بۆ ئەوەی ئەم سامانە ببێتە هۆکارێک بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری، و پاڵنەرێک بۆ جێبەجێکردنی زیاتری پلان و بەرنامەکان کە پێداویستییەکانی گەل دابین دەکەن". 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی (٢٠٢٣ - ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣.



PM:08:54:02/02/2025