سەرۆکی زانکۆی سلێمانی خەڵات دەداتە دوو سەرکردایەتی یەکێتی
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە ماوەی دوو مانگدا بە جیا خەڵاتی دوو سەرکردەی یەکێتی دەکات، کە یەکێکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسیەو، ئەوی دیان ئەندامی سەرکردایەتییەو فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە.
لە میدیاکانی زانکۆی سلێمانی دا بڵاوکراوەتە کە رۆژی ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پ، د. کۆسار محەمەد عەلی رێزلێنانی بە د. هاوڕێ دارۆ شێخ نوری بەخشی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە لەسەر چ بنەمایەکی ئەکادیمی و زانستی ئەو خەڵاتەی بە ناوبراو بەخشیووە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
رۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ یش هەژماری فەیسبووکی زانکۆی سلێمانی بڵاویکردۆتەوە " لە ڕۆژی خاوەن پێداویستی تایبەت و لە پەراوێزی کۆنفرانسدا، پرۆفیسۆر د کۆسار محمد علی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی درعی ڕێزلێنانی زانکۆی سلێمانی بەخشییە فەرماندەی کەمئەندامی سەنگەر، بەڕێز وەستا رەسوڵ کە لە جەنگی دژ بە تیرۆر قاچەکانی لەدەست دابوو".
ئەم خەڵاتەش نازانرێت لەسەر چ بنەمایەکی ئەکادیمی دراوە بەم فەرماندە سەربازییە، لە کاتێکدا کە دەکرا ئەم فەرماندە سەربازییە کە کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیشە، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە، یان سەرۆکایەتی هەرێمەوە کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە لە هەرێمدا خەڵاتبکرایەو، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی خەڵاتی کەمئەندامیکی ئەکادیمی بکردایە.
ئەم دوو کارەی سەرۆکایەتی زانکۆ سلێمانی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی سلێمانییەوە کە لەسەر زۆر بابەتی دەرەوەی زانکۆ رای تایبەتی خۆیان هەیەو رەخنە لە زۆر بابەت دەگرن، بەبێ دەنگی تێپەڕی و هیچ کام لەو دکتۆر و خاوەن بڕوانامانە هیچیان لەسەر بڵاونەکردەوە.
PM:10:46:02/02/2025