سەرۆک وەزیرانی عێراق پێكهێنانی لیژنهیهكی ئهمنی تهكنیكی بۆ هێرشەکەی سەر كێڵگهی غازی كۆرمۆر ڕاگەیاند.
شانهی راگهیاندنی ئەمنی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" محهمهد شیاع سودانی فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان بهدواداچون بۆ ئهو ڕوداوه كردووە كه كاتژمێر ٧:١٥ خولهكی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو له كێڵگهی كۆرمۆر له ناو كۆمپانیای داناغاز له ناحیهی قادر كهرهم له سنوری پارێزگای سلێمانی ڕوویدا و بووه هۆی ئاگركهوتنهوه له نزیك تانكی سوتهمهنی، هەرچەندە ئاگرهكه كاریگهری نهبووه و هیچ زیانێكی مرۆی و ماددی لێنهكهوتۆتهوه، هەروەها کاریگەری لەسەر کار و بەرهەمهێنانی کێڵگەکە نەبووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی تەکنیکی دەرکرد بۆ دیاریکردنی بارودۆخی ڕووداوەکە، هەروەها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەردەوام بوو لە پەیوەندیکردن و پێدانی ڕێنمایی بە فەرماندە مەیدانییەکانی یەکینەکانی پێشمەرگە لە سلێمانی و دەوروبەری کەرتەکان بۆ ئەوەی بە تەواوی لە بارودۆخی ڕووداوەکە تێبگەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئابوری وڵات و زیانگەیاندن بە بژێوی و بەرژەوەندی خەڵک هەوڵێکە هەموو عێراقییەکان بکاتە ئامانج، هێزە ئەمنییەکانی ئێمەش ڕێگە بەم کارە نادەن و کاردەکەن بۆ بەدواداچوون بۆ هەموو وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە و سزادانی هەر کەسێک کە بوێری هەبێت زیان بە ئاسایشی ئابووری وڵات بگەیەنێت".
کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی-یە، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان کە ٦٧٪ی خواستی هەرێم بۆ کارەبا دابین دەکات.
کێڵگەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨ ەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا.