بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بابەتی مووچەی مانگی ١٢ لەبیربکەن، چونکە ئەو بابەتە لە بەغداد داخراوە و دەمینێتەوە سەر ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ مووچەکە دابین دەکات یان نا.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەربارەی مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانم نییە، بەڵام زانیاری حکومەتی عێراقم هەیە کە ئەو بابەتە لەبیربکەن، چونکە ئەو بابەتە لە بەغداد داخراوە و یەک دیناریش بۆ مووچەی مانگی ١٢ نانێرێت و ئامادەش نییە قسەی لەسەر بکات".
ئەوەشی خستەڕوو کە لە هەینییەوە شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدادن و بە هیچ شێوەیەک باسی مووچەی مانگی ١٢نەکراوە.
فازڵ نەبی وتیشی" دەمێنێتەوە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چۆن دەتوانێت لەسەر داهاتی خۆی مووچەی مانگی ١٢ بدات".