کۆبوونەوەی شاندی بەغدا و هەرێم ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت

کۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ شاندی دارایی عێراق بۆ چارەسەر کردنی پرسی مووچە و بودجە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەغداد بەردەوامیان هەیە بۆ ئەمڕۆ دووشەممەش بەردەوامی دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا پرسی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە چ بڕیارێکی لە بارەوە دەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند" زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی نییە، بەڵام زانیاری حکومەتی عێراقم هەیە کە ئەو بابەتە لەبیربکەن، چونکە ئەو بابەتە لە بەغداد داخراوە و یەک دیناریش بۆ مووچەی مانگی ١٢ نانێرێت و ئامادەش نییە قسەی لەسەر بکات".

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، گەیشتە بەغدا و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری كۆبوونەوەكان لە بەغدا لە كەشێكی " ئەرێنیدا ئەنجامدراون" و لێكتێگەیشتنی باش سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لەنێوان هەردوولا كراوە.

هەروەها بە وتەی پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بڕیارە لەم یەك دوو رۆژە وەزارەتی دارایی فیدڕالی پارەی مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە كاتی ناردنی پارەكەش لە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.




AM:09:31:03/02/2025