فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت" کوردانی سووریا نایانەوێت لە وڵاتەکە جیاببنەوە یاخود هاوشێوەی هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن، گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەیەوێت کاروبارە ناوخۆییەکانی خۆی لە دەوڵەتێکی لامەرکەزی بەڕێوەببات و سووریا عێراق نییە ".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتێد پرێس رایگەیاند" لەم دواییانەدا چاوم بە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر کەوتووە و لە ئێستادا هەردوولا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا دەدەن لەگەڵیدا داهاتووی کورد".
بە وتەی مەزڵوم عەبدی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد هەنگاوێکی مێژوویی بوو، لەسەر ئەو بناغەیەش پێویستە سووریایەکی نوێ بنیادبنرێت کە حیزبی بەعس و ئایدۆلۆجیاکەی تێدا دووبارە نەبێتەوە.
عەبدی وتیشی"دەمانەوێت پێکەوە سووریا بەرەو پێشەوە پاڵبنێین، دانوستان لە نێوان ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە و هەڵوێستمان بە گوێرەی ئەنجامی دانوستانەکان دەبێت".
"ئێمە دەمانەوێت سووریا دەوڵەتێکی یەکپارچە بێت و خاوەنی حکومەتێکی ناوەندی بێت لە دیمەشق، کوردانی سووریا نایانەوێت لە وڵاتەکە جیاببنەوە یاخود هاوشێوەی هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن، گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەیەوێت کاروبارە ناوخۆییەکانی خۆی لە دەوڵەتێکی لامەرکەزی بەڕێوەببات و سووریا عێراق نییە و عێراقیش سووریا نییە، هەروەها باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەرێمی کوردستان نییە."( فەرماندەی گشتیی هەسەدە وای وت).
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە مەزڵوم عەبدی ئاماژە بەوە دەکات"دەمانەوێت هەسەدە ببێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری و بەشێکی ستراتیجی بەرگریی سووریا، لەوبارەیەشەوە پێشنیازێکمان ئاڕاستەی دیمەشق کردووە و چاوەڕێی وەڵامین."
لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەی لە دیمەشق لەهەفتەی رابردوو ئەنجامدرا و تێیدا ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر هەڵبژێردرا فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی"ئێمە لەو کۆبوونەوەیە ئامادەنەبووین و لێدوانیشی لەسەر نادەین".