بەرگری شارستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری منبج ٣٠ کەس کوژراون و بریندار بوون کە زۆرینەیان ژنن".
بەرگری شارستانی سوریا، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری منبج لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٤ ژن و پیاوێک، هەروەها برینداربوونی ١٥ کەسی دیکە کە هەندێکیان بە سەختی برینداربوون، ئەمەش ئەگەری ئەوە دروستدەکات کە ژمارەی کوژراوەکان بەرزبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم قوربانییەکان کرێکاری کشتوکاڵ بوون، بەو پێیەی ئۆتۆمبێلەکە تەقیوەتەوە لە تەنیشت ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کرێکارانی کشتوکاڵی دەگواستەوە، لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی لە جەرگەی شاری منبج لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب.
سەرەتای ئەم مانگەش ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری منبج تەقیەوە و بەهۆیەوە حەوت ژن گیانیان لەدەستدا و ١٤ی دیکەش برینداربوون.