لە چەمچەماڵ ژنێکی گەنج کوژرا

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکێکی چەمچەماڵە ژنێکی گەنج کوژرا و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێكردووە.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی ڕزگاری قەزای چەمچەماڵ ژنێکی گەنج لەلایەن کەسێکەوە کۆتایی بە ژیانی هێنراوە". 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ژنەکە لە دایکبووی ساڵی (١٩٩١)ە و هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی منداڵە، لە ئێستاشدا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە. 

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە نەزانراوە و لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە و گومان دەکرێت لەلایەن کەسێکی نزیکی خۆیەوە کوژرابێت. 

شەوی ڕابردووش لە گەڕەكی كانی كوردەی شاری سلێمانی ژنێك لەلایەن كەسێكەوە بە فیشەك كوژرا و ئەمڕۆش پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی بكوژەكەی ڕاگەیاند کە لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.



PM:01:51:03/02/2025