نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی داواکاری مامۆستایانی مانگرتوو لە سلێمانی دەکەین

نێچیرڤان بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ داواکاری مامۆستایانی مانگرتوو لە سلێمانی ڕاگەیاند کە چەند ڕۆژێکە لە شاری سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان. 

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەم کە چەند ڕۆژێکە لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە بۆ ئەوەی داوای چارەسەری کێشەی مووچە بکەن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان داواکارییەکی ڕەوایە و هەمووان پشتگیری لێدەکەن. 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئێمە لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی گەورەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا داوە، خۆشبەختانە لە ئەنجامی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا و بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی پەسەندکرا، و هیوادارین چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێم هەبێت". 

بارزانی جەختی لەوەشکردەوە کە" پەیام و داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی گەیشتووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆیە داوایان لێدەکەین بارودۆخی تەندروستی خۆیان لەبەرچاو بگرن و مانگرتنەکە ڕابگرن، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ". 



PM:05:23:03/02/2025