مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی خەرجکرا (نوێکرایەوە)

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٥ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی خەرجکرد.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەستیکرد بە خەرجكردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە بڕەکەی (٩٥٠) ملیار دینارە. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە پارەیە گوژمەیەك خەرجبکرێت و بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم. 

هەروەها پاش وەرگرتنى پارەکە، وەزارەتى دارایی هەرێم لیستى مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ بڵاودەکاتەوە. 

لای خۆشییەوە پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە" وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە یەک گوژمە بڕی (٩٥٨,٠١٢,٣٣٢,٧٥٩) مليار دیناری خستە سەر حسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە زوترین کاتدا وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکات.

ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ڕەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی (٢٠٢٣ - ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣.

بەپێی یاساكە بڕیارە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بکرێت و نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتیش بە (١٦) دۆلار دیاریکراوە.

ماوەی هەشت ڕۆژە ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و داوای دابەشکردنی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا و تەوتین و پلەبەرزکردنەوە دەکەن، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان لە مانگرتن بەردەوام دەبن. 



AM:10:56:04/02/2025