ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٥ لیژنەی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ له هۆڵی سهعد عهبدوڵا له شاری ههولێر، بۆ جاری پێنجهم کۆبوونەوەی تەکنیکی نێوان هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی دەستپێدەکات و تیایدا میکانیزمەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.
لەمبارەیەوە رێواز فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی لیژنەی تەکنیکی یەکێتی، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" ئەو خاڵانەی هەردوولایەن لەسەری ڕێککەوتوون زۆر زیاترن لەو خاڵانەی کە تا ئێستا ناکۆکی لەسەریان هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازی هەیە لە دیدگاکاندا، هەروەها لە میکانیزمەکانیشدا کە دەیانەوێت بیگرنەبەر بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، بەڵام هیوادەخوازن لیژنەی باڵای دانوستانەکان بتوانن بگەنە کۆدەنگی لەسەر ئەو پرسانەی کە ئەمڕۆ نەیانتوانی لەسەری ڕێکبکەون.
لە ماوەکانی ڕابردووشدا هەردوو شاندی یهكێتی و پارتی چوار جار کۆبوونەتەوە، بەمەبەستی پێكهێنانی كابینهی نوێی حكومهتی هەرێم، کۆتا كۆبوونهوەی هەردوولاش لە ڕۆژی ٢١ی مانگی رابردوو ئەنجامدرا، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.