ئەمەریکا داوای لێپرسینەوە لە "هێرشکەرانی" سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات کە شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٥ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد. لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەین". 

هەروەها داواش لە حکومەتی عێراق دەکات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیاربوون لە ئەنجامدانی هێرشەکە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە درۆن بۆردومانکرا.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی-یە، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان کە ٦٧٪ی خواستی هەرێم بۆ کارەبا دابین دەکات. 

کێڵگەکە ڕووبەرەکەی ١٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨ ەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا. 



PM:12:05:04/02/2025