ئیلهام ئەحمەد: هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان بۆ پاڵپشتی لە خۆبەڕێوەبەری ئەرێنین، بەڵام لێدوان و کرداریان یەکناگرێتەوە و دەشڵێت"پێدەچێت هەڵوێستی ئەمریکا بەپێی بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا بێت". 

ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوازنیور ڕایگەیاند، ئەوان هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان بۆ پشتیوانی کردن لە مافی پێکهاتەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئەرێنی دەبینن، بەڵام هێشتا کەلێنێکی گەورە لە نێوان لێدوان و کرداریان بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا هیچ هەڵوێستێکی جددیان نیە. 

ئیلهام ئەحمەد، سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان نازانن سیاسەتی ئەمریکا لە داهاتودا چۆن دەبێت، ڕەنگە بەپێی بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی بگۆڕێت.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا هیچ نیشانەیەک لەئارادا نیە بۆ ئەوەی ئەمریکا هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە کورد بگۆڕێت و وتیشی، پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد بەردەوامە.  




PM:01:48:04/02/2025