ڕۆژنامەیەکی تورکی مەرجەکانی قەندیلی بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا ئاشکرا کرد

ڕۆژنامەیەکی تورکی مەرجەکانی قەندیلی بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا ئاشکرا کرد، خوێندن بە زمانی کوردی و کۆتایی هێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان لە دیارترین مەرجەکانی قەندیلن بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا.

رۆژنامەی ئایدنڵکی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی شوبات لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: دەم پارتی لە کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا ١٠ مەرجی قەندیلی بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا ئاشکراکردوە.

ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات قەندیل لە مەرجەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە زمانی کوردی لە تورکیا بەفەرمی بناسرێت و هەرەوەها هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان کۆتایی پێبێت.

لەبەشێکی دیکەی مەرجەکانی قەندیل ئاماژە بە لابردنی یاساکانی روبەڕووبونەوەى تیرۆر، هەڵوەشاندنەوەى یاسای دانانی قەیوم، خوێندن بە زمانی کوردی، بە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەکارهێنانی، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باشوور و رۆژاوا هاتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەیەکە بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حیزبی توندرەوی مەهەپە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووەتەوە و تا ئێستا شاندی دەم پارتی بۆ دوجار سەردانی ئۆجەلانیان کردوە لە ئیمراڵی، لایەنەکانیش گفتگۆکانیان دڵخۆشکەر و هیوابەخش وەسفکردووە.




PM:03:19:04/02/2025