سبەینێ مووچەی ئەم شوێنانە دابەشدەكرێت

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی مووچەی بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ئەمڕۆش بە پێدانی مووچەی خانەنشینی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانە سیاسییەکان دەست بە دابەشکردنی کرا، بڕیارە سبەینێش مووچه‌ی ژمارەیەک وەزارەت و شوێنی دیکە دابه‌شبكرێت.  

بەپێی ئەو خشتەیەی دارایی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، سبەینێ پێنج شەممە ٦ی شوباتی ٢٠٢٥ مووچەی وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، پەروەردە، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینانی پێشمەرگە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ) دابەشدەکرێت.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٩ی شوبات مووچەی وەزارەتەکانی (ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ و داد، ئەنجومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار) دابەشدەکرێت.

هەر بەپێی خشتەکە رۆژى دووشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥ بە پێدانی مووچەی (کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پێشمەرگە (دیوان، لیواکان) و یەکەی ٧٠ و ٨٠، پۆلیسی دام و دەزگا نەوتیەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری فریاکەوتن)، كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی یەکی مووچەخۆران دێت.



AM:08:58:05/02/2025