هەناردەی نەوتی عێراق لە خاكی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە

وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند حكومەتی عێراق لەهەفتەدا هەناردەی نەوت رۆژانە نزیكەی 150 هەزار بەرمیل لە خاكی توركیاوە دەست پێدەكاتەوە.

تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا لە كۆنفرانسی وزەی رە رۆما بە راگەیاندنی ئەم هەواڵە وتیشی: داهاتی زیادەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جیهان، یارمەتی سەقامگیری عێراق دەكات.

هەناردەی نەوتی عێراق لەبەندەری جیهان لە هەشت مانگ لەوەپێشەوە راگیرا بوو.

بڕیارە وەزیری وزەی توركیا لەسەردانێكدا بۆ عێراق لەگەڵ وەزیرانی وزەی عێراق‌و هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە‌و سەبارەت بە هەناردەی نەوت لە بیرە نەوتەكانی باكوری عێراق گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات.

حكومەتی عێراق هەفتەی رابردوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكەوت تا 500 ملیۆن دۆلار بەهەرێم بدات‌و لەبەرامبەردا رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم وەربگرێت.

تانەر یڵدیز وتی: توركیا 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانی هەناردە كردوە، بەڵام پێیوایە داهاتی بە هی هەموو خەڵكی عێراق دەزانێت.




PM:02:36:20/11/2014