حکومەتی هەرێم بریار دەدات پابەندبێت بە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم‌و بەغداوە


لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوار شەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە پابەندبن بەرێكکەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمەوەو کارئاسانی تەواو بکەن تا بەهانە نەدەن بەدەست بەغداوە ناردنی مووچە دوابخات.

ئەمڕۆ ڕۆژی ٥ ی شوبات، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ڕێکخستنی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دەستیپێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی دانوستکار لەگەڵ بەغدا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیازێک خرانەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.

 لە پێناو زامنکردنی مووچەی هەر ١٢ مانگی ئەمساڵدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری لیژنەکەی پەسەندکردووە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نەدەن بەدەستەوە.
لە کۆبوونەوەدا بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە، سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم خراوەتەڕوو کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردووە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە.

بڕگەی دووەم: ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ کرد کە تایبەت بە ماددەی 12 و پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات، بە هەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا، هاوکات بەهۆی ڕاگرتنیەوە زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە، بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تا لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدراڵی.

کۆبوونەوە بڕیاریداوە وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ بۆسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تا لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.




PM:08:10:05/02/2025