لە هەولێر ٨ گەڕەکی دیکەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دابیندەکرێت و کۆتایی ئەم مانگە کارەبای چەند گەڕەکێکی سلێمانی و دهۆکیش دەکرێنە ٢٤ کاتژمێری.
٨ گەڕەکی دیکەی پارێزگای هەولێر دەخرێنە چوارچێوەی پڕۆژەکەوە و کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت.
ئەو ٨ گەڕەکە بریتیین لە: کوران، رزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و راستی.
بەم ٨ گەڕەکە نوێیەوە کۆی گشتیی گەڕەکە بەشدارەکانی پڕۆژەکە لە هەولێر دەبنە ١٢ گەڕەک. کۆی گشتیی ئەو گەڕەکانە ٥٠ هەزار و ٧٠٠ هاوبەشیان هەیە، کە زیاتر لە ١٨٤ هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن. ٢٣٠ مۆلیدەش لەو ١٢ گەڕەکە دەکوژێندرێنەوە.
سەرچاوەیەک لە تیمی پڕۆژەی رووناکی لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای پارتی راگەیاند"لە قۆناخی داهاتوودا، چوار بۆ ٨ گەڕەکی دیکە لە پارێزگای هەولێر بۆ پڕۆژەکە زیاد دەکرێن. لە سلێمانی و دهۆکیش کۆتایی ئەم مانگە کارەبای چەند گەڕەکێک دەکرێتە ٢٤ کاتژمێری، کە لە سلێمانی ئێستا کار لەسەر گەڕەکی مەولەوی دەکرێت."