لە ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی پێنجشەممە سەر ڕێگەی سلێمانی-عەربەتدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان رۆژنامەنووس و پەیامنێری دیاری کەناڵی ئێن ئار تی وریا حەمەکەریمە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێش بازگەی عەربەت بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە دوو ئۆتۆمبیلدا و دوو کەس گیانی لە دەستداوە".
ڕوونیشکردەوە کە دوای پێداکێشانەکە، بارهەڵگرەکە وەرگەڕاوە و بە هۆیەوە سایدی عەربەت سلێمانی داخراوە.
ڕۆژنامەنووس وریا حەمەکەریم یەکێک لەو دوو هاووڵاتییەیە کە لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا.
ئەم رۆژنامەنووسە لەرێگاکە دەبینێت ئۆتۆمبیلێک پەکی کەوتووە، دادەبەزێت تا یارمەتی شۆفێرەکە بدات و چاکی بکاتەوە، لۆریەکە لە دەستی دەردەچێت خۆی دەکێشێت بەم ئۆتۆمبیلە و ئۆتۆمبیلێکی تردا، وریا و شۆفێری ئۆتۆمبیلە پەککەوتووەکەش گیان لە دەستدەدات.
وریا حەمە کەریم تاقانەی خێزانەکەی بووە و تەنیا دایکی لە ژیان ماوە و باوکی شەهیدە و تا ئێستا نازانرێت گۆڕەکەی لە کوێدایە، دایکیشی یەکێکە لە بەرکەوتووەکانی کیمیایبارانی هەڵەبجە و بەسەختی بریندار بووە، ئەمیش لەو دەمەدا ونبووەو دواتر لەلایەن خاڵییەوە لە خستەخانەیەکی تاران بە نیشانەیەکی سەر روومەتی دۆزراوەتەوە.
ناوبراو خێزانی هەیە و خاوەنی دوو منداڵەو جگە لە خێزانەکەی تەنها دایکی ماوە.
رۆژنامەنووسێکی دیار و بەسەلیقە و زۆربەی باتەکانی مۆرکی کوردی پێووەبووەو بەزاراوە هەڵەبجەیی و هەورامییەکەی هەمیشە رۆحێکی جوانی بە بەری بابەتە رۆژنامەوانییەکانیدا کردووە، وریا چەندە رۆژنامەنووسێکی باش و بە سەلیقە بووە، هاوکات بە دوای ساماندا راینەکردووەو بە سەنگینی لە کەناڵی NRT ماوەتەوە.
بەمبوونەشەوە رۆژنامەنووسانی سلێمانی پرسەنامەیەکیان ئاراستەی خێزان خانەوادەی ووریا حەمەکەریم و دامەزراوەی نالیا _ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) کرد:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
پرسەنامەیەک لەرۆژنامەنوسانی سلێمانیەوە بۆ خێزان و خانەوادەی ووریا حەمەکەریم و دامەزراوەی نالیا _ کەناڵی NRT
بەڕێزان لەخانەوادەی هاوپیشەمان ووریاحەمەکەریم و هاورێ و هاوپییشەکانمان لەکەناڵی NRT ئێمە وەک رۆژنامەنوسانی مەیدانی سلێمانی خۆمان بەخاوەنی ئەم کۆستەگەورە دەزانین و دەمانەوێت خەمەکەتان لەگەڵ بەش بکەین چونکە کۆستەکە گەورەیە .
بەڕێزان وریا وەک موڵکی خەڵکی کوردستان سەیردەکرێت کاردانەوەی خەڵکی هەر لەساتی بڵاوبونەوەی هەواڵی مردنی گەواهی ئەو راستیەدەدەن ، چیرۆکی مەرگی وریا وەک پیشەکەی و وەک خودی وریا خۆی پیرۆز رۆیشتوو بوبەیاداشتێکی تر لەخەرمانی کارەکانی تەمەنی، ئاکاری بەرزو رەوشتی پەپوولە ئاسای ووریا هەموومانی لەناخەوە غەمبارکرد.
خوای گەورە سەبوری خێزان وخانەوادەکەی و ئێوەو ئێمەش بدات.
رۆژنامەنوسانی سلێمانی