هاوسەرۆکی پارتی دەم: ئەگەر هەیە ئۆجەلان باس لە کۆتاییهێنانی توندوتیژیی و شەڕ بکات

هاوسەرۆکی پارتی دەم ئاشکرای دەکات کە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە، ئۆجەلان ئەگەر دۆخێکی گونجاوی بۆ بڕەخسێنرێت بانگەواز دەکات ودەڵێت" ئەگەر هەیە ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا باس لە کۆتاییهێنانی توندوتیژیی و شەڕ بکات".

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسان و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی و هاونیشتمانیانی دیاربەکر رایگەیاند" ئەگەر هەیە عەبدوڵا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا باس لە کۆتاییهێنانی توندوتیژیی و شەڕ بکات و داوای ئەوە بکات هزر و سیاسەت رۆڵ بگێڕن".

بە وتەی باکرهان ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا باس لە دروستکردنی زەمینەیەکی یاسایی بۆ چارەسەر بکات.

ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە دەسەڵات هەنگاو بنێت و ئەو بەرپرسیارییەتییە میژووییە لەئەستۆ بگرێت کە لەم قۆناغەدا کەوتووەتە سەرشانی و زەمینەسازیی سیاسیی و یاسایی بکات.

 هاوسەرۆکی پارتی دەم راشیگەیاند"تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە، ئۆجەلان ئەگەر دۆخێکی گونجاوی بۆ بڕەخسێنرێت بانگەواز دەکات، ئامادەکارییشیی هەیە، بەڵام دوای ئەو بانگەوازە حکومەت چی هەنگاوێک دەنێت، نەخشەڕێگای چییە، ٢٤ کاتژمێر داوای چەکدانان دەکرێت، بەڵام رۆژێک نەیانوت ئەو کەسەی چەک دادەنێت دوای ئەوە چی بکات، روو لە کوێ دەکات، ئایا دەچێتەوە ناو خێزانەکەی؟ ئایا زەمینەسازیی بۆ ئەوە کراوە؟".

باکرهان وتیشی "ئەی ئەو دەیان هەزار زیندانیکراوە سیاسییانەی لە زینداندان چییان بەسەردێت؟ پرسی زمانی دایک و دەسەڵاتە خۆجێییەکان چیی بەسەردێت، قەیووم بە کوێ دەگات".

باکرهان راشیگەیاند "پرسیاری زۆرمان لێدەکرێت دەربارەی ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، ئێمە لە ئیمراڵی نین. نامەی ئۆجەلان لە ٢٠١٣خوێندرایەوە و وتی، چەکەکان بێدەنگ بن و بیر و سیاسەت قسە بکات. وەک ئەگەر دەیڵێم لەم بانگەوازەشدا باس لەوە دەکرێت هزر و سیاسەت قسە بکات، توندوتیژی و شەڕ کۆتاییپێبهێندرێت و زەمینەیەکی یاسایی دروستببێت".






AM:11:28:06/02/2025