وەزارەتی دارایی بە فەرمی وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی ڕاگەیاند و دەڵێت" ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەکانیان دابەشدەکرێت".
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایگەیاند" ڕۆژی سێشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٥ مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت".
دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، تەمویلەكەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرجدەكرێت.
دوێنێش عەلی ڕەئوف نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست، ئاماژەی بەوەکردبوو کە ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی یەکی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مانگی حەوت و هەشتی شایستە داراییەکانی وانەبێژان بە زووترین کات بڕیاری خەرجکردنی دەدرێت، بۆیە مامۆستایانی گرێبەست لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ مووچە وەردەگرن.