"بارهەڵگرێکی قاچاغ بووەتە هۆكاری گیان لەدەستدانی وریا حەمە كەریم"

ئەندامێکی ڕێکخراوی جوتیارانی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە هۆشداریدا لە زیادبوونی قاچاغچی بەرهەمی کشتوکاڵی لەودیو سنوورەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دیاردەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی ناوخۆی هەیە، ئەوەش دوای ڕووداوێکی هاتووچۆی سەخت دێت کە گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووس وریا حەمە کەریم و هاوڵاتییەکی دیکەی لێکەوتەوە. 

بەختیار قادر ئەندامی ڕێکخراوی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان کەوتوونەتە ژێر چاودێری پسپۆڕان، هاوکات بەرهەمی قاچاغ بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێک و پشکنینی تەندروستی دێتە ناوخۆی هەرێم". 

ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی جوتیارانی کوردستان لە لێدوانەکەیدا داواشی لە حکومەت کرد ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە قاچاغکردنی تەماتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە سنوورەکانەوە.

هەروەها بەختیار قادر ئاشکراشیکرد، ئەو بارهەڵگرەی بەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکی (عەربەت - سلێمانی) ڕوویداوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنوس وریا حەمە کەریم و هاوڵاتییەکی دیکە، "دەرکەوت بارهەڵگرەکە بارێک تەماتەی قاچاغی پێبووە، ئەمەش گوزارشتە لە مەترسییەکانی قاچاغ کە تەنیا لە ئابوریدا سنووردار نەکراوە، بەڵکو درێژە دەدات بۆ هەڕەشەکردنی ژیان". 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە نوسراوى فەرمی، هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتەی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ناوخۆی هەرێم قەدەغەکرد. 



PM:04:39:06/02/2025