ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی داوای پشتگیری مامۆستایانی ئایینی لە مانگرتوان دەکەن

ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی ئەمشەو پێنجشەممە ٦ی شوبات لە میانی راگەیەنراوێکدا بلاویان کردەوە ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ لە پارکی مەلیک مەحمود بەرەو خەیمەی مانگرتوان بەرێدەکەون و هەروەها یەکشەممە ٩ی شوبات لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانەوە بەرەو هاولێر دەڕۆن بۆ گەیاندنی دەنگی نارازیان بۆ ناوەندی دەسەڵاتی هەرێم.

ئەنجومەنەکە لە راگەیەنراوەکەیدا دوو داواکاریش ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی دەکەن لەوانەش:

١ـ لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پشتیوانی خۆتان بۆ مانگرتووانی خێمەی شکۆ دەرببڕن و لە خەڵک بگەینن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەمووانە.

٢ـ لە وتارەکەدا پشتیوانی خۆتان بۆ:

ٲـ خۆپیشاندنی ڕۆژی هەینی کاتژمێر (٢) دەرببڕن، کە لە (پارکی مەلیک مەحموود)ەوە بەرەو خێمەی مانگرتووان دەڕۆین.

ب ـ ئەو خۆپیشاندانە دەرببڕن، کە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ مانگرتووان دەڕۆین بەرەو هەولێر، داوا لە خەڵک بکەن بەشداربێت لەگەڵمان.

دەقی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی فەرمانبەران و مامۆستایانی نارازی:

بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ

وَلَا تَلْبِسُوا الْحَقَّ بِالْبَاطِلِ وَتَكْتُمُوا الْحَقَّ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ (42) البقرە.

وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّن كَتَمَ شَهَادَةً عِندَهُ مِنَ اللَّهِوَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ (140) البقرە.

بەڕێزان: مامۆستایان و زانایانی ئایینی

وەک ئاگادارن ماوەی 10 ساڵە، بەهۆی ئەو هەموو ستەم و برسیکردن و بێباکییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرامبەر سەرجەم مووچەخۆران و چین وتوێژەکان پەیڕەوی دەکات؛ مامۆستایان ساڵانە پەنایان بردووەتە بەر بایکۆتی ناچاری دەوام و لە شەقامدا، بە گەرما و سەرما و بەفر و باران، خۆپیشاندانی مەدەنی و هێمنانەیان ئەنجامداوە؛ لە دوواهەمین هەنگاو و کارتی فشاری ناڕەزایەتیدا؛ (13) هاوڕێمان لە شاخی گۆیژەی کانگای سەرمابردەڵەیی؛ ماوەی (10) ڕۆژە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە؛ بەو ئومێدەی دەسەڵاتی ملهوڕ و بێباک، سۆز و ویژدانیان بجوڵێت و بەدەم داواکارییەکانی هەموومانەوە بێن و لەم مەینەتی و برسیکردن و بێکەرامەتیکردنەی بۆیان خولقاندووین، بەیەکجاری ڕزگارمان ببێت؛ بەڵام بەداخەوە ئەم دەسەڵاتدارانە وەک ئەوەی لەو پێڕە بن کە ئایەتی "خَتَمَ اللَّهُ عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ وَعَلَىٰ سَمْعِهِمْ وَعَلَىٰ أَبْصَارِهِمْ غِشَاوَةٌ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ." دەیانگرێتەوە؛ نەک خەباتی مەدەنیی، بگرە بەرەو مەرگچوونی ئازیزانمان نایانهەژێنێت و لە خەوی پڕغەفڵەتی تاڵانکاریی و لەزەتبردن لە ئازاردانی میللەت و مووچەخۆران، بەئاگا نایەن.

بەو هۆیەوە بڕیارمانداوە، ڕۆژی یەکشەممە 9/ 2/ 2025 ئێمە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە؛ بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتووەکانمان، بەرەو هەولێر (کە چەقی بڕیاردانە) بەڕێ بکەوین، تا دەسەڵات لەنزیکەوە دەنگ و ناڕەزایەتی هاوڕێ مانگرتووەکانمان و چینوتوێژە جیاوازە بەشمەینەتەکان، ببینێت و ببیستێت.

بۆیە داواتان لێدەکەین لەژێر ڕۆشنایی ئەم فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەری ئازیزمان (صَلّى اللهُ عَلَيْهِ وسَلَّم): «أفضل الجهاد كلمة حق عند سُلْطَانٍ جَائِر»، بەرامبەر بەم هەموو نادادیی و چەوسانەوە و شکۆشکاندنەی دەسەڵاتداران، هاوشانی مامۆستایان بێنەدەنگ، بۆ ئەم مەبەستەش داواتان لێدەکەین:

1ـ لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پشتیوانی خۆتان بۆ مانگرتووانی خێمەی شکۆ دەرببڕن و لە خەڵک بگەینن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەمووانە.

2ـ لە وتارەکەدا پشتیوانی خۆتان بۆ:

ٲـ خۆپیشاندنی ڕۆژی هەینی کاتژمێر (2) دەرببڕن، کە لە (پارکی مەلیک مەحموود)ەوە بەرەو خێمەی مانگرتووان دەڕۆین.

ب ـ ئەو خۆپیشاندانە دەرببڕن، کە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ مانگرتووان دەڕۆین بەرەو هەولێر، داوا لە خەڵک بکەن بەشداربێت لەگەڵمان.

تەنانەت دەکرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆتاندا، ئەزیەت بکێشن و پێشوەخت بانگەوازی خۆپیشاندانەکان بڵاوبکەنەوە، بۆئەوەی خۆتان و زۆرترین کەس بەشداربێت لەم جیهادە مەدەنییەدا.

مامۆستایانی ئازیز دڵنیاتان دەکەین، ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان ڕێچکەیەکی گرتووە، کە لەپێناو شکۆ و بژێوی هەموواندا بێت؛ خوانەخواستە بەبێ دەستکەوت و بەلاوازی کۆتایی پێبێت، هەموومان باجەکەی ئەدەین و وەک چەند ساڵی ڕابردوو شەقام و هەڵوێست ئەمرێت و دەسەڵاتیش دەیان هێندەی دیکە، ملهوڕتر ئەبێت.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی




AM:12:31:07/02/2025