مانگرتوان: داوا لە هەموچین و توێژەکان دەکەین بەشداری خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بکەن

مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ١١هەمین ڕۆژ بەردەوامە و مانگرتوان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆ پشتیوانیان لێبکەن.

 مانگرتوان ئەمڕۆ هەینی ٧ی شوبات لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند: مانگرتنەکەیان بەردەوامە و ئەمڕۆکە لە ١١هەمین ڕۆژدا دەچێتە قۆناغێکی نوێ.

مانگرتوان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا داوا لە هەموو چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆکە دا پشتیوانیان لێبکەن.

ئاماژەی بەوەش دەکەن: لە ئێستادا خێمەی مانگرتوان لە سلێمانی بووەتە پەڕلەمانی کوردستان و لەو خێمەیەوە بڕیار دەدەن.

لای خۆشییەوە سەباح هەورامی بەڕیوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی داوای لە مانگرتوان کرد کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن چونکە گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی رابردوو ئەنجومەنی فەرمانبەران و مامۆستایانی نارازی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ هەینی لە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ لە پارکی مەلیک مەحمودەوە بەرەو خێمەی مامۆستایانی مانگرتو بەرێدەکەون، داواشیان لە هەموو چین و توێژەکان و مامۆستایانی ئایینی کرد پشتیوانیان لیبکەن.

ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا دەشڵێن: ڕۆژی یەکشەممە ٩ی شوبات دەچن بۆ هەولێر بۆ ئەوەی دەنگی نارازی خۆیان بگەیەننە ناوەندی دەسەڵات.




AM:11:41:07/02/2025