هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی ٩ چەکداری سەر بە تورکیا و برینداربوونی ٢٠ کەسی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە میحوەری باکووری بەنداوی تشرین ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ئهمڕۆ ههینی له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە" دوێنێ لە باكوری بەنداوی تشرین شەڕ و پێكدادانی توند لە دژی چەتەکان ڕوویدا، لە ئەنجامدا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لەنێو ڕیزەكانیاندا لێكەوتەوە، دواتر سەرجەم چەتەكان هەڵهاتن و چەكەكانیان و ئۆتۆمبێلێكی سەربازییان بەجێهێشت و هێزەكانمان دەستیان بەسەردا گرت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، چهكدارهكانی سهر به توركیا هەوڵیاندا بگەڕێنەوە بۆ خاڵە سەربازییەكەی خۆیان، بەڵام" ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندی شەڕڤانانمان بوونەتەوە، كە لە ئەنجامدا ژمارەیەكی دیكەی كوژراو و برینداربوون، بۆ جاری سێیەمیش دوای گەیشتنی هێزی پاڵپشتی دەستیان بە هێرش كردەوە، بەڵام لە بەرامبەر بەهێزی گورزی شەڕڤانانمان هەڵهاتن، ئەوەش وایكرد چەتەكان بە تەواوی لە ناوچەكە هەڵبێن، ٧ چەتە كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، هەروەها هێزەكانمان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی خۆكوژیشیان خستەخوارەوە".
هەروەها هاتووە" لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ئۆپەراسیۆنێکی ورد و وردیان لە دژی خاڵێکی چڕکردنەوەی بەکرێگیراوان لە باکووری بەنداوی تشرین ئەنجامدا و تیایدا دوو بەکرێگیراو کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و بڕێک تەقەمەنیدا گیرا".
لهبارهی زیانه ماددییهكان، هەسەدە دهڵێت" دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی تێكشكێنران و دەستبەسەر ژمارەیەك دۆشكە و كەرەستەی سەربازی (پێنج چەكی بی كەی سی، حەوت چەكی كڵاشینكۆڤ، چەكی برنەو، دوربینی سەربازیی) و كەرەسی تردا گیرا".