داوای دادگاییکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەتکرایەوە و بەو هۆیەوە مەترسی جددی لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ئارادایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" بە ڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنەوەی دۆسیەی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی دۆسیەی ناوبراو بە جێبەجێکرانی سزاکان ڕاگەیەندراوە و گیانی پەخشان بە زیاتربوونەوەی ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی، لە مەترسیەکی زیاتردایە".
ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕاگرتنی سزای سێدارەکەی دەڵێت" لقی ٩ی دیوانی باڵا بەو هۆکارەی کە ئەو کێشانەی سەبارەت بە سزا و ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراو ئاماژەیان پێدراوە لە جۆری کێشەی بنەمایین، داوای دادگاییکردنی دووبارەی ئێمەی ڕەتکردۆتەوە".
پێشتر ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاندبوو" هەواڵی دواخستنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە و بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشەیە لەگەڵ بەڵێنی ناڕاست و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتییان، بەمەبەستی ڕێگری لە مانگرتنی گشتی بەرفراوان لە شارەکانی کوردستان بووە".
پەخشان عەزیزی لە ساڵی ١٩٨٤ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوێکی سیاسی کوردە لە بەندیخانەی ئێڤین کە لە ئێستادا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، دواتر لەلایەن دیوانی باڵای تارانەوە سزاکەی پەسەند کرا و هێشتا جێبەنەکراوە.
بڕیاری لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە، چالاکوانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە دەکەن و پێیان وایە کە دادگاییکردنەکە ناعادیلانە بووە.