هێرشەکانی تورکیا سێ گوندی چیای گارا بە خەڵکەکەی چۆڵ دەکات


رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی کە چاودێری بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم یەکێکە لە کارەکانی رایگەیاند" بەهۆی ئینزار و هەڕەشەی سوپای تورکیاوە سێ گوند لە ناوچەی گارا چۆڵکرد".

کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی سی پی تی ئەمشەو هەینی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا و مەترسی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە ناوچەکەدا، گوندنشینانی هەر سێ گوندی (نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا) لە بناری چیای گارا، لە ناوچەی زێباری، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد و ڕویان لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانییان لە ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ کرد".

لە بارەی چۆنێتی ئینزارکردنەکەوە، کامەران عوسمان دەڵێت " لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبۆوە، کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم وەرزە وەزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوندنشینانی ناوچەکە".

بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا ١٨٣ گوند بەتەواوی چۆڵبوون، ٦٠٢ گوندی تریش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکە ٤٠٠ گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.




PM:07:45:07/02/2025