وەزیری دادی تورکیا ئاشکرای دەکات کە پەیامەکەی ناوەڕاستی شوباتی عەبدوڵا ئۆچئالان بۆ پەکەکەیە و دەوڵەت و گەلی تورکیا نییە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند " ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی پرسی کورد دەستیان پێکردووە، ئامانجمان بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆرە."
ئەو وەزیرەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە لەشەڕی پەکەکەدا ٤٠ هەزار کەس بوونە قوربانیی و ٤٠ ساڵە رووبەڕووی " تیرۆر" دەبنەوەو دەشڵێت" ئەگەر تیرۆر نەبووایە، دۆخی بووژانەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە لە قۆناخێکی زۆر جیاوازتر دەبوو."
لەبارەی ئەو پەیامەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت " ئەو پەیامە بۆ دەوڵەت و گەلەکەمان نییە، بەڵکو بە تەواوی بۆ ئەو رێکخراوەیە" کە خۆی دایمەزراندووە.
هەر سەبارەت بە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد، تونچ ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ مامەڵە و بەرژەوەندییەک نییە. هیچ هەنگاوێک نانێین ببێتە مایەی ئازاردانی خێزانی شەهیدەکانمان. ئامانجەکە کۆتاییهێنانە بە تیرۆر و هەنگاونانە بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر."
" ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوام دەبن، رێگە نادەن قەوارەیەک لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە هەنگاو بنێت". ( وەزیرەکەی تورکیا وا دەڵێت).
بەرپرسانی دەم پارتیش چەندجارێک ئاشکرایان کردووە کە عەبدوڵا ئوچئالان لە ١٥ ی شوباتدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە، ئەمرۆش موراد قەرەیڵان کەسی دووەمی پەکەکە رایگەیاند" چەکدانانی پەکەکە دەبێت لە کۆنگرەدا بێت و جەخت لەسەر ئازادکردنی سەرۆک ئاپۆ دەکەینەوە".