کەشناسی هەرێم پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ بارینی بەفر و باران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەردەوام بێت، هاتوچۆی سلێمانیش هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییان بەوەی، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن..
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دوایین پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتو بڵاو کردەوە و پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران و هەندێك كات بارانی مامناوەند لە ناوچە جیاجیاكان بە تایبەت لە بەشی باشوری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لە پارێزگای سلێمانی، دەشڵێت: لە هەندێك لە قەزا و ناحییەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم، بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٣ پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسی دەشڵێت: ڕۆژی یەکشەممە بە گشتی ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، بەگوێرەی کەشناسیی گەرمیان، بە ١٣ پلەی سیلیزی گەرمترین و حاجی ئۆمەران بە ١ پلە ژێر سفر ساردترین ناوچەی هەرێم بون.
لای خۆشیەوە هاتوچۆی سلێمانی، هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە گیرخواردن و کارەساتی نەخوازراو، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانە نەکەن کە مەترسیی بەستن و شەختەی لێدەکرێت...