لە ئامەدی باکووری کوردستان هەزاران هاوڵاتی داوای ئاشتی و ئازادییان کرد

گردبونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بە پێشەنگایەتی دەم پارتی بەڕێوەچو و تێیدا داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی کرا، لە کۆبونەوەکەدا هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوەکردەوە کورد بەهێزترین گەلی ناوچەکەیە و لە دانوستاندا ناخەڵەتێندرێت


بە بەشداری زۆرێک لە هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی دەم پارتی گردبونەوەیەکی جەماوەری بەناوی ئاشتی و ئازادی بەڕێوەچو، لە گردبوونەوەکەدا، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی و چیدەم کڵچگون ئۆچەر هاوسەرۆکی دەبەپە قسەیان کرد.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەماوەیەکی نزیکدا پەیامێکی تایبەت بە نەخشەڕێگەیەک نەک بەتەنیا بۆ کورد، بەڵکو لەپێناو بەیەکەسانی ژیانی هەموو ئەو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییانەی لە تورکیا دەژین، ئامادە دەکات.

وتیشی"کورد، کوردی ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا نییە و لە ئێستادا کورد لە تورکیا و ناوچەکە بەهێزترین گەلە و لە دۆخێکدا نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ بخەڵەتێندرێت".

هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و تورکیا وتی''ئەگەر بڕیارە ئاشتی لە تورکیا بێتەدی، دەبێت رۆژئاواش بگرێتەوە، ئەگەر بڕیارە سەقامگیری لە تورکیا بێتەدی، دەبێت تورکیا پاڵپشتی لە دامەزراندنی دەسەڵاتێک لە سووریا بکات کە کورد، عەلەوی و گەلانی دیکە بتوانن بە ئاشتی و برایانە تێیدا پێکەوە بژین".







PM:04:38:08/02/2025