حیزبی کۆمۆنیست پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دە‌كات


حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بە تە‌واوی تواناوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین". 

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، ئەمشەو شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی بانگەوازەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی سەرانسەری مامۆستایانی ناڕازی دایەوە و دەڵێت" دوێنێ ئێوارەی لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە، بانگەوازێك بڵاوکرایەوە بۆ گواستنەوەی مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ هەولێر، لەناو ئەو لایەن و حیزبە سیاسیانەی کە بانگەوازەکەیان ئاڕاستەکرابوو بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردن، حیزبی ئێمە بوو". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئێمە وەکو چۆن هەمیشە و لە ساڵانی ڕابردودا، لایە‌نێكی بەشدار و پشتیوان بووین لە خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ناڕازی کوردستاندا و بەردەوام لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن لە داخوازیەکانی ئەواندا ڕاوەستاوین، بەهەمان شێوەش لەو ڕۆژەوەی کە مانگرتن و خێمە هەڵدانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی دەستیپێکردوە، بەردەوام و ڕۆژانە لە پاڵیاندا ئامادەبووین و بەرگریمان لە خواستە ڕەواکانیان کردووە".

دەشڵێن" سەرەڕای تێبینیمان لەسەر مانگرتن لە خواردن وەکو شێوازێکی خەباتکردن کە ڕاستەوخۆ تیمەکانی ئێمە لەوبارەوە لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوودا قسەوباسیان کردووە و دڵسۆزانە پێیان ڕاگەیاندوون کە ژیان و سەلامەتی خۆیان لە هەموو شتێك گرنگترە، بەڵام بێ دودڵی پشتیوانییان لێکردوون و لە پشتیوانیکردنیش بەردەوام دەبین". 

"ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر بانگەوازەکەی ئەنجومەنی سەرانسەری مامۆستایانی ناڕازی بەوجۆرەی کە بانگەوازی بۆکراوە، سەرەڕای هەر سەرنجێکمان، ئێمە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستیان و فەرمنەبەران لە خەباتەکەیاندا بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان، بەتەنها جێناهێڵین و لەپشتیان ڕادەوستین، لەوانەش بردنی مانگرتنەکە بۆ هەولێر، هەر لێرەش بانگەوازی سەرجەم خەڵكی ناڕازی کوردستان بەگشتی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دانیشتووی شاری هەولێر دەکەین کە بۆ سەپاندنی داخوازیەکانمان بەسەر دەسەڵاتداراندا، بەشێوەی گونجاوی خۆیان پشتیوانی بکەن و پێبنێنە مەیدانەوه‌". (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان وادەڵێت)

بڕیارە سبەینێ‌ یەکشەممە خۆپیشاندەرانی نارازی و مانگرتوانی سلێمانی لە شار و شارۆچكەكانەوە بچنە شاری هەولێر و لە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكاندا درێژە بە دەربڕینی نارەزایەتییەکانیان بدەن، هەروەها دوێنێش تیمی پشتیوانی مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و گشت مووچه‌خۆران کرد پشتیوانیان بكه‌ن.



PM:11:18:08/02/2025