وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی سەرماوسۆڵەوە دەسەڵات دەدرێتە سەرۆكی زانكۆ و دامەزراوەكان دەوام ڕابگرن".
ئەمشەو شەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە"
بەپشت بەستن بە پێشبینییەکانی دامەزراوەی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان و نالەباری کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەفربارین و سەرما، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، لەسەر فەرمانی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رەچاوکردنی بارودۆخی کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆک زانکۆکان و دامەزراوەکانی تری سەر بە وەزارەتەکەمان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دەوام ڕابگرن".
هەروەها پێشتریش بەهۆی شەپۆلی سەرما و سۆڵەوە کە هەرێمی کوردستان گرتوەتەوە، هەریەک لە پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە پشووی فەرمییان راگەیاندووە.