کەشناسێک: شەپۆلی بەفر و سەرما دەستپێدەکاتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر ھەیە لە ١٠ رۆژی کۆتای ئەم مانگەدا شەپۆلی بەفر و سەرما دەستپێبکاتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تا ناوەراستی ئەم ھەفتەیە رۆژی سێشەممە ١١ی شوبات ھەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری وشکە سەرمادا دەمێنێتەوە و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و رۆژھەڵاتی ھەرێم بەگشتی بای باکوری رۆژھەڵات تا ھەمان ماوە چالاکی دەبێت بە خێرای (١٥ تا ٣٥)کم لە کاتژمێرێکدا".

ئەو کەشناسە کوردە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ناوچانەدا شەوان پلەکانی گەرما دەچنە ژێر سفرەوە لە رۆژیشدا ھەست بە کەشێکی ساردتر دەکرێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. 

ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی سێشەممەوە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و کاریگەری سەرماکە ھەندێ کەم دەبێتەوە، بەدرێژایی ئەم ھەفتەیە کەش سەقامگیرە و ئاسمان بە زۆری ساماڵ دەبێت. 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، لە کۆتای ھەفتەوە بۆ سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ناوچەکانی هەرێم دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە تورکیاوە جارێکی دیکە ئەگەر ھەیە شەپۆلێکی بارانبارین ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بگرێتەوە. 

هەروەها باسی لەوەشکردووە، شەپۆلەکانی سەرما و بەفر بۆ ئەم مانگە کۆتای نەھاتووە و ئەگەر ھەیە لە ١٠ رۆژی کۆتای ئەم مانگەدا شەپۆلی بەفر و سەرما دەستپێبکاتەوە. 



AM:12:02:09/02/2025