ئەمڕۆ یەکشەممە مووچەی مانگی یەکی ١٠ وەزارەت و ئەنجومەنی دادوەری دابەش دەکرێت.
بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک، کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێشتر بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ٩ی شوباتی ٢٠٢٥، مووچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتی پلاندانان، پیشەسازی و بازرگانی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار دابەش دەکرێت.
هاوکات، بڕیارە سبەی دووشەممە ١٠ی شوبات کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک بێت و ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئەم مانگە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو بە نادیاری ماوەتەوە.