قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بە فەرمانبەران دەستی پێکرد

بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی ئاشکرایدەکات لە قۆناغی دوەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نزیکە ٢١٦ هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت.

سەربەست مەولود، سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی و رێكخستنی فۆڕ‌مەكانی زەوی فەرمانبەران لە وەزارەتی شارەوانی بە ماڵپەڕی یەکێتی راگەیاند: "لەقۆناغی دووەمدا نزیكەی ٢١٦ هەزار ناومان ناردوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر ناوەكان دراوە، پاشان ئێمەش فۆڕمە گەڕاوەكان بەسەر شارەوانییەكاندا دابەشدەكەین، بۆ ئەوەی هەر فەرمانبەرەو بەگوێرەی كارتی زانیارییەكەی زەوی پێبدرێت و ئێمە ئامادەكاری بۆ قۆناغی سێیەم دەكەین".

وتیشی: ئەو ناوانەی كە نێردراون، تەنها یەك وەزارەت نییە، بەڵكو تەواوی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام خانەنشینی و وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و تەندروستی تێدا نییەو لەداهاتوویەكی نزیكدا ناوی ئەوانیش بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەنێرین.

ئاماژەی بەوەشكرد: "هەموو ئەو فەرمانبەرانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە ژمارەیان دەگاتە ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر، لیژنەكەی ئێمە وەرگرتنی رەزامەندییە، بەڵام وەرگرتنی زەوییەكان دەكەوێتە ئەستۆی شارەوانییەكان، ئەوانیش بە گوێرەی بوونی زەوی دەست بەدابەشكردنی زەوی دەكەن".

لەمبارەوە زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەڵێت "ئێمە لەشارەوانی سلێمانی زەوییمان ئامادەیەو چاوەڕ‌وانی گەڕانەوەی ناوەكانین و بەگەڕ‌اندنەوەی ناوەكانیش دەستبەدابەشكردنی زەوییەكان دەكەین".

وتیشی: شارەوانی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر زەوی بۆ فەرمانبەران تەرخان كردوە، هەروەها كێشەی بوونی زەویمان نیەو زەوییەكان ئامادەن بۆ دابەشكردن.




PM:01:01:09/02/2025