وەزارەتی ناوخۆ: هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کودستان لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستا و فەرمانبەرانەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و دەڵێت"چەند رۆژێکە لە سنوری سلێمانی گردبونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت".

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کودستان لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستا و فەرمانبەرانەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی شوبات لە راگەیەنراویکدا ئاماژەی بەوەشکردوە"داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە کاری لە پێشینەی حکومەت بوە و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی فیدرال لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن".

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەیشی خستوەتەڕو"کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق و هەندێک لایەنی پاشکۆ و لایەنەکانی لە یاسا دەرچو و پەکەکە و کەسانی تر دەیانەوێت سود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم، لەبەر ئەوە هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت".

ئەوەش لە کاتیکدایە ئەمڕۆکە بە دەیان پاس و ئۆتۆمبێل بۆ گەیاندنی دەنگی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندانێکیان بەرەو هەولێر ئەنجامدا بەڵام لە بازنەی دێگەڵە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کرایە سەر و ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر برینداربون.




PM:04:29:09/02/2025