ئەمڕۆ مووچەی شەش وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان و دەزگا ئەمنییەکان دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، مووچەی مانگی یەکی شەش وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان و دەزگا ئەمنییەکان دابەش دەکرێت و کۆتایی بە خشتەی مووچە دێت.

‎بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥ مووچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، پێشمەرگە دیوان و لیواکان و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

هەر بەپێی خشتەکە، هەر لەمڕۆدا مووچەی مانگی یەکی سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، یەکەی ٧٠ و ٨٠ پۆلیسی دامودەزگا نەوتیەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی و دەزگای ئاسایش, هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری فریاکەوتن دابەش دەکرێت.

هاوکات بڕیارە سبەینێ سێشەممە مووچەی مانگی یەکی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت و کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک بێت.

لە کاتێکدا دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم کۆتایی دێت، هێشتا چارەنووسی مووچەی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە نادیاریی ماوەتەوە.




AM:09:05:10/02/2025