شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە لیستی مووچەی مانگی دووەوە دەچێتە بەغداد بۆ تەواوکردنی ئەو وردەکارییانەیە کە پێویستی بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە بۆ ناردنی مووچە.
ئەمڕۆ شاندێکی هونەریی وەزارەتی دارایی هەرێم گەیشتە بەغداد و بە پێی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان ئامانجی سەردانەکە تەواوکردنی ئەو وردەکارییانەیە کە پێویستی بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە بۆ ناردنی مووچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٥، لەگەڵ ئەو وردەکارییانەی دیکە بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و هاوتاکردن و بایۆمەتری و بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران.
بڕیارە هەفتەی داهاتووش شاندێکی باڵای هەرێم بە لیستی مووچەوە سەردانی بەغداد بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی ڕایگەیاند" شاندێکی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغداد دەکات و گفتوگۆ لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازیی دەکەن.
وتیشی" دۆسیەکانی تەرازووی پێداچوونەوە، رێکارەکانی رادەستکردنی داهاتی ٥٠%ـی نانەوتی و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە مووچەش، لەگەڵ بەغداد باس دەکەن".