سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەبارەی گرژییەکانی بازگەی دێگەڵە هاتەدەنگ

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە گرژییەکانی دوێنێی بازگەی دێگەڵە هەڵوێستی ڕاگەیاند و دەڵێت" ڕۆژنامەنوسان خۆیان لە بەریەككەوتنی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە دوور بگرن". 

ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەهۆی پێشپێگرتنی ژمارەیەك خۆپیشاندەر لەهاتنیان بۆ ناو شاری هەولێر لەبازگەی دێگەڵە گرژی دروستبوو، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان گازی فرمێسك رێژی بۆ بڵاوەپێكردنی ئامادەبووان بەكارهێنا". 

سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر ژمارەیەك لە تیمەكانی میدیا بەهۆی بارودۆخە شڵەژاوەكە رێگریان لێكرا بگەڕێنەوە هەولێر و هەروەها رێكاری تووند لەلایەن دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لە بەرامبەر ژمارەیەك رۆژنامەنووس گیراوەتەبەر.

هەروەها ئەنجوومەنەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات رێز لە كاری رۆژنامەنووسان بگرن، داواش لە رۆژنامەنووسان و تیمەكانی راگەیاندن دەكەن پەیڕەوی رێكارەكانی سەلامەتی پیشەیی بكەن و خۆیان لە مەترسییەكانی ساتی شڵەژان و بەریەككەوتنی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان بە دوور بگرن. 

دوێنێ بەمەبەستی پشتگیریکردن لە مانگرتووان ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە بەرەو بازگەی دێگەڵە بەڕێکەوتن تا خۆپیشاندان لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان ئەنجام بدەن، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانەوە رێگرییان لێكرا و نه‌هێڵدرا بچنه‌ ناو هه‌ولێر و بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا. 



PM:04:28:10/02/2025