مەزڵووم عەبدی: کۆڵنادەین و لە بەرخۆدان بەردەوام دەبین

مەزڵووم عەبدی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی سەکۆ کە بەبەشداری نزیکەی ٧٠ ئەکادیمی کوردستانی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو باسی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی رۆژاوا و سوریای کرد لەوانەش پەیوەندی ڕۆژاوا و باشوور، سەردانەکەی بۆ هەولێر، پرسی پەیوەندییەکانی رۆژاوا لەگەڵ ئەمریکا و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەکانی ڕۆژاوا و دیمەشق و چەند پرسێکی گرنگی دیکە.

دکتۆر شێرکۆ کرمانج مامۆستای زانکۆی کۆیە ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوبات لە بابەتێکدا بەشێک لە وردەکاری کۆبوونەوەکەی مەزڵووم عەبدی لە ڕێکخراوی سەکۆی بڵاوکردەوە ..

دکتۆر شێرکۆ کرمانج دەڵێت"مەزڵووم عەبدی لە  کۆبوونەوەکەدا ئامانجی سەردانی لە هەولێر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی باشوور و ڕۆژئاوا دەگەرێنێتەوە و دیدارەکە بە ئەرێنی وەسف دەکات، دەشڵێت"ولاتی فەڕەنسا هەوڵ دەدات بۆ پتەوکردنی دیالۆگی کوردی-کوردی".

مەزڵووم عەبدی لە قسەکانیدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە ڕۆژاڤا یەک هێزی سەربازیی هەیە و هەر یەک هێزی سەربازیی دەمێنێتەوە و نایانەوێت هەڵەکانی باشوور لە پەیوەند بە فرەهێزی چەکداریی دووبارە بکەنەوە.

فەرماندەی هەسەدە لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکاش رایگەیاندوە کە مێژووی ئەو پەیوەندییانە بۆ شەری داعش دەگەرێتەوە، مەزڵوم عەبدی لەبارەی ئەگەری چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریاش ڕایگەیاند" هێزەکانی هەسەدە کۆڵنادەن و لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن".

مەزڵووم عەبدی سەردانەکەی بۆ دیمەشق بە ئەرێنی وەسف کردوە و رایگەیاندوە، لەگەڵ حکومەتی کاتی لەسەر خەتە گشتییەکان لێک تێگەیشتنیان بووە بەبێ ئەوەی باس لە وردەکارییەکانی نێوانیان بکرێت.

مەزڵووم عەبدی باسی لەوەش کردوە، هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە، وتوشییەتی، هەوڵ دەدەن پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکرێن.

مەزڵووم عەبدی ڕاشیگەیاندووە کە ئەوان نایانەوێت سووریا دابەش بکەن و لەو باوەڕەدان کە لە ڕێگەی لامەرکەزی دەتوانن چارەسەری نەک هەر پرسی کورد بەڵکوو هەموو گرووپە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا بکەن.

مەزڵووم عەبدی تورکیای وەک هەڕەشەیەکی جددی وێنا کردووە و وتووشییەتی ، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکەیان داوە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە قەناعەت بە تورکیا بکەن کە هێرش و هەڕەشەکانی ڕابگرێت.




PM:11:26:10/02/2025