بە پاڵپشتی تورکیا میلیشیاکان هێرشیان کردە سەر ١٨ گوند لە باشوری کوبانێ


لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سوپای تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی ١٨ گوندیان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان کرد و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن وەڵامیان داونەتەوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوەو، تیایدا ئەو هێرشە ئاسمانی و زەمینیانەی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کراوەتە سەر ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاو، وەڵامی هەسەدە بۆ ئەو هێرشانە.
 لە راگەیاندنەکەی هەسەدە بەم شێوەیە هاتووە:

شەوی یەکشەممە، دووشەممە سوپای تورکیا و هژاوپەیمانەکانی بەردەوام بوون لە کردنە ئامانجی دەوروبەری بەنداوی تشرین بە چەکی قورس و تۆپخانەی قورس و تانک و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

لەبەرەی پێشەوەی پردی قەرە قۆزاک؛ شەڕڤانان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا، بنکە و خاڵەکانی چڕبوونەوەی  تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە گردی "قەرە قۆزاک”یان کردە ئامانج، ئەمە جگە لە بنکەیەکی سوپای تورکیا لە گوندی "ئەلهەوشریا”، و ٧ چەکدار کوژراون.

هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین هەڵمەتیان بۆ سەر گوندەکانی ئەلتینا و غەسق ئەنجامدا، کە بووە هۆی زیانی ماددی بە موڵک و ماڵی مەدەنیی بگات، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە ئاسمانییەدا بە تۆپی قورس و تانک و موشەک هەڵگر و هاوەن، هێرشیان کردە سەر هەریەک لە گوندەکانی؛ هەنجیر، جادە، بیر حەسو، غۆسق، دیکان، مەلها، ئەلسەنعا، جگە لە تەلتی؛ سێفی و قەرە قۆزاک و شاری سارین کە بە زیاتر لە ١١٠ گولە کراونەتە ئامانج. بۆردومانەکە زیانی ماددی بە ماڵ و ماڵ و موڵکی دانیشتووان گەیاندووە.

کاتژمێر (٠٣:٤٩) پاش نیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە و لە بنکەکەیەوە لە گوندی الهوشریە سوپای تورکیا بە چڕی گوندی شێخلاری سەر بە ئەلشوخی بە تۆپخانەی قورس بۆردومان کرد، هەروەها بۆردومانەکە هەردوو گردی میدانە و گوندی تورمان و هەروەها ناوچەی نێوان ئەو دوو گوندەیان کردە ئامانج؛ هەروەها گوندەکانی قەنا و بلینک لە ڕۆژئاوای کۆبانی و، تێکڕای ئەو بۆردومانانە زیانی بە موڵک و ماڵی دانیشتووان گەیاندووە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داگیرکەری تورکیا لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوەو بۆردومانیان دەکرد.

لە بەرەی دێر حەفەر؛ داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی گوندی ئیمامیان بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی کردە ئامانج، هاوکات لەگەڵ تۆپبارانی چڕی تۆپخانە، کە بەهۆیەوە زیان لە ماڵ و موڵک و سامانی هاوڵاتیانی مەدەنی کەوتەوە.

 شەڕڤانانمان وەڵامی ئەو تۆپبارانەیان دایەوە کە لە ئەنجامدا  زیانی گیانی بەر میلیشیاکان کەوتووە، بەڵام ژمارەکە نەزانراوە.

کاتژمێر ٣:00ی پاش نیوەڕۆی دوێنێ؛ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژیان لە گوندی کۆبەرلێک لە لادێی عەین عیسا تەقاندەوە و بەو هۆیەوە وێرانکاری و زیانی ماڵی لە خەڵکی سڤیل کەوتووە، هاوکات سوپای تورکیا و میلیشیاکان گوندەکانی کۆبەرلەک و هەوالەکیان بە تۆپخانەی قورس تۆپباران کرد، کە بووە هۆی زیان و وێرانکردنی موڵکی دانیشتووانەکەی. 




AM:11:09:11/02/2025