ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدەن لەوەی موچە گرەنتیکراوە و كێشەی نەبونی پارەی نەختینە نیە، جەختدەكەنەوە دواكەوتنی خشتەی بودجە كاریگەری لەسەر موچە نابێت.
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند"موچە بەتەواویی زامنكراوە و هیچ مەترسیەك لەسەر دواكەوتنی نیە و حكومەت پابەندە بە دابەشكردنی موچە لەوادەی خۆیدا".
باسی لەوەشكرد ئەو دەنگۆیانەی دەوترێت كێشە بۆ موچە دروست دەبێت ، دورە لە ڕاستیەوە و بنەمای نیە.
لای خۆشیەوە، جەمال كۆچەر ئەندامی هەمان لیژنەی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دایە فەرمانبەران و خانەنشیان لەوەی دواكەوتنی گەیشتنی خشتەی بودجە بۆ پەرلەمان كاریگەری لەسەر موچە نابێت.
ڕونیشیكردەوە، هەرچەندە وادەی گەیشتنی خشتەی بوجە نادیارە، بەڵام موچە بەتەواوی گرەنتیکراوە و هیچ دواكەوتنێك لەدابەشكردنیدا ڕونادات.